شەهلا رەشید- زاری كرمانجی :
ئەم نەخۆشییە كاتێك روودەدات كە جەستە توانای هەڵمژینی شەكر (گلوكۆز)ی نەبێت بۆ ناو خانەكان و بەكارهێنانی بۆ بەهەمهێنانی وزە، ئەم كەم و كوڕییە دەبێتە هۆی زیادبوونی شەكر لە خوێندا.
كۆنتڕۆڵنەكردنی نەخۆشی شەكرە دەبێتە هۆی لێكەوتەی مەترسیدار و زیانگەیاندن بە كۆمەڵێك ئەندام و شانەكانی لەش لەوانە دڵ، گورچیلە، چاو، دەمارەكان و …هتد، پرۆسەی هەرسكردن بریتییە لە دابەشكردنی ئەو خۆراكانەی كە دەیخۆیت بۆ سەرچاوەی جیاواز، كاتێك كاربۆهیدراتەكان دەخۆیت، وەك نان، برنج و مەعكەرۆنی، جەستەت دەیانشكێنێت بۆ شەكر (گلوكۆز)، كاتێك گلوكۆز دەچێتە ناو خوێنەوە پێویستی بە یارمەتی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە شوێنی كۆتایی خۆی لە ناو خانەكانی جەستەدا، كە دەتوانرێت لەوێ بەكاربهێنرێت، بەڵام لێرەدا ئەنسۆلین یارمەتی گلوكۆز دەدات بۆ گەیشتن بە شوێنی كۆتایی، ئەنسۆلین هۆرمۆنێكە لەلایەن پەنكریاسەوە بەرهەم دێت، كە ئەندامێكە دەكەوێتە پشت گەدە، پەنكریاس ئەنسۆلین ئازاد دەكات بۆ ناو خوێن، ئەنسۆلینیش ئەو كلیلەیە كە دیواری خانەكان دەكاتەوە و رێگە بە گلوكۆز دەدات بچێتە ناو خانەكانی لەشەوە، گلوكۆز سووتەمەنی یان وزەی پێویستی شانە و ئەندامەكان بۆ كاركردنی دروست دابین دەكات.
نیشانەكانی نەخۆشی شەكرە چین ؟
لە نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە بریتین لە:
- زیادبوونی تینوێتی.
- هەستكردن بە لاوازی و ماندوێتی.
- كاڵبوونەوەی بینین.
- سڕبوون یاخود چرچبوونی دەست یان قاچ.
- برین یان بڕینی شوێنێكی جەستە كە بە هێواشی چاك دەبێتەوە.
- دابەزینی كێش لە خۆیەوە واتە بێ ئەوەی بەرنامەیەكت هەبێت بۆ ئەم مەبەستە.
- زوو زوو هەوكردن بەبێ هۆكار.
- زوو زوو میز كردن.
- وشكبوونەوەی دەم.
نیشانەكانی لە خانمان و پیاواندا: - ئەو نیشانانەی كە لە خانماندا هەیە، وشكبوونەوەی پێست لەگەڵ خوران و زوو زوو هەوكردن.
- لە پیاواندا هەوكردنی بۆڕی میز، كەمبوونەوەی ئارەزووی سێكسی، تێكچوونی كۆئەندام، كەمبوونەوەی هێزی ماسولكەكان.
س/ گۆڤاری تەندروستی دكتۆر كرمانی