زاری كرمانجی :
سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێكی دا ئاشكرای دەكات كە ئەمڕۆ یەكشەممە سەركردە باڵاكانی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان كردووەتە ئامانج .
لە ڕاگەیاندراوەكەی سوپای ئیسرائیل هاتووە “فەرماندە باڵاكانی فەیلەقی لوبنانی سەر بە سوپای قودسی پاسدارانی ئێرانی لە بەیرووت كردە ئامانج كە كاریان ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی مەدەنی بوو و لە هەمانكاتدا كار بۆ سوپای پاسدارانی ئێران دەكەن.”
ئاماژەی بەوەشكردوە كە ڕژێمی تیرۆریستی ئێران بە شێوەیەكی سیستماتیك لە چوارچێوەی دڵی كۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران و لوبنان كار دەكات، خەڵكی مەدەنی بە شێوەیەكی قێزەون وەك قەڵغانی مرۆیی بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی دەقۆزێتەوە.
ئیسرائیل ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە فەیلەقی لوبنانی، حیزبوڵڵای لوبنان بە ڕژێمی تیرۆریستی ئێرانەوە دەبەستێتەوە، پشتیوانی لە بنیاتنانی دەسەڵاتی حیزبوڵڵا دەكات، هەروەها وەك پەیوەندییەك لە نێوان ئەفسەرانی باڵای ئێراندا مامەڵە دەكات.
دەشڵێت “سوپاكەمان پێش ئەو هێرشە، ڕێوشوێنی گرتەبەر بۆ كەمكردنەوەی زیانە ئەگەرییەكان بۆ خەڵكی سڤیل، لەوانەش بەكارهێنانی تەقەمەنی ورد و چاودێری ئاسمانی”، جەختی لەوەش كردەوە كە “سوپای ئیسرائیل ڕێگە نادات گرووپەكانی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران خۆیان لە لوبنان بچەسپێنن و بەردەوام دەبێت لەناوبردنی وردی سەركردەكانی ڕژێمی تیرۆریستی ئێران لە هەر شوێنێك چالاكی بكەن.”
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 8ـى 3ـى 2026، سوپای ئیسرائیل لە هێرشێكی ئاسمانی هۆتێل ڕامادای لە شاری بەیرووت، كردە ئامانج و لە ئەنجامدا چوار كەس گیانیان لەدەستدا و 10 كەسیش برینداربوون.

































































