زاری کرمانجی :
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریی توند دەدات لە لێکەوتەکانی بەردەوامیی جەنگ و ڕایدەگەیەنێت کە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان دەبێتە هۆی پەککەوتنی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت لە ناوچەکەدا.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پلاتفۆڕمی ئێکس سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بەردەوامیی جەنگ لە ناوچەکەدا هۆشداری دا و رایگەیاند، بەردەوامبوونی دۆخەکە بەو شێوەیە، لەوانەیە ببێتە هۆی وەستانی تەواوەتی فرۆشتنی نەوت و پەککەوتنی بەرهەمهێنان.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هێرشی توندی کردە سەر بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بە هەڵگیرساندنی گرژی لە ناوچەکەدا تۆمەتباری کرد، باسی لەوەشکرد، ئەو دۆخەی ئێستا دروست بووە، تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەڵکو زیانێکی گەورە بە وڵاتانی ناوچەکە و تەواوی جیهانیش دەگەیەنێت.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئاشکراشی دەکات، بەهۆی فراوانبوونی بازنەی رووبەڕووبوونەوەکانەوە، بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان فرۆشتنی نەوت یان تەنانەت پاراستنی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ ئێرانیش سەخت دەکات”، هەروەها تیشکی خستە سەر هەڵوێستەکانی ئەمریکا و گوتی، “دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر جەختی لەوە دەکردەوە کە نرخی نەوت زۆر بەرز نابێتەوە، بەڵام دوای ئەو بەرزبوونەوە خێرایەی لە بازاڕەکان روویدا، ئێستا قسە لەسەر ئەنجامدانی دەستکاریی دەکات.”
































































