زاری كرمانجی :
بە درێژایی شەوی ڕابردوو، هەرێمی كوردستان لە ژێر هێرشی درۆن و مووشەكی ئێرانی و هێزەكانی سەر بە بەرەی مقاومە و میلیشیا شیعییەكانی عێراق دابوو، هێرشەكان زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر و سڵمانی تۆماركراون.
بە زیاتر لە 9 درۆن هێرش كرایە سەر چەندین شوێنی جیاواز لە پارێزگای هەولێر و لە فڕۆكەخانەی هەولێر ئاسایشێك بە ناوی (وڵات تاهیر)ی تەمەن ٣١ ساڵ گیانی لەدەستدا و سێ كەسی تر بریندار بوون.
هاوكات لە پارێزگای سلێمانیش زۆرترین هێرشی درۆنی خۆكوژ تۆمار كرا. دەستپێكی هێرشەكە لەو پارێزگایە بۆ سەر گوندی زڕگوێزەڵە بوو، كە بارەگاكانی پێشووی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی لێیە و بە ٤ مووشەك بۆردوومان كران. لەو هێرشەدا پێشمەرگەیەك گیانی لەدەستدا و دوو كەسی تر بریندار بوون.
هاوكات سێ جار هێرش كرایە سەر هۆتێل تایتانیك و زیاتر لە ٦ جاریش هێرش كرایە سەر بارەگاكانی فەرماندەیی، بەڵام زۆربەی درۆنەكان بە تەقەی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە تێكشكێنران.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، لەمبارەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند”لە هێرشەكاندا زیانی مرۆیی نەبوو. بەڵام دوای ئەم ڕاگەیاندنەش هێرشێكی تر تۆمار كرا”.
هەر زوو گرووپێكی شیعی نزیك لە بەرەی مقاومە بە ناوی گرووپی ( سەرایا ئەولیا دەم ) بەرپرسیارێتی هێرشەكانیان گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند كە ئەوان بوون ئەم هێرشانەیان ئەنجام داوە.


































































