شیتاڵ عەبدۆلعەزیز جەمیل
لە نێوان سیمایەكی دەستكرد و سەنگەرێكی پڕ لە شكۆدا، درزێك هەیە بە قووڵایی مێژوو؛ پێم بڵێ كەی و لە كوێ، ژنێك كە دیلی چوارچێوەی ئاوێنەكان بێت، دەتوانێت تامی جەژنێكی ڕاستەقینە بكات؟ هەشتی مارس، مانیفێستۆی ئەو ژنە دەگمەنانەیە كە «ئیرادە»یان كردە قامچیەك و كێشایان بە دەموچاوی ستەمكاراندا.
ئەم ڕۆژە، جەژنی ئەو ژنانە نیە كە «بوون»ی خۆیان لە دەلاقەی مۆڵەكان و نمایشكردنی ماركەكاندا ون كردووە؛ ئەم ڕۆژە، ڕاسانی ئەو ژنەیە كە جەلادەكان لە «فكر»ی ئەو زیاتر لە «فیشەك» دەترسن.
مێژووی ئێمە بۆنی «پاڕانەوە» نادات، بۆنی «زنجیر پچڕاندن» دەدات. كاتێك «حەپسەخانی نەقیب» لە كۆشكەكەی خۆیەوە هەژێنەری ڕای گشتی بوو، سەلماندی كە ژن دەتوانێت لە سەردەمی جەهلدا ببێتە «قوتابخانە». كاتێك نووكی پێنووسی «مەستوورەی ئەردەڵان» لەسەر كاغەز دەهات و دەچوو، ئەو تەنیا شێعری نەدەگوت؛ ئەو خەریكی دەرهێنانی یادەوەری نەتەوەیەك بوو لە چنگی فەرامۆشی. ئەمانە مۆدێلی ناو ڤیترین نەبوون، ئەمانە «تەلارسازی شعوور» بوون. «عادیڵە خانم» لەسەر كورسی دەسەڵات، نەك بە زێڕ، بەڵكوو بە «دادپەروەری» حوكمی دەكرد و پیاوەكانی سەردەمی خۆی فێری بڕیاردان دەكرد.
باتڵە ئەگەر وا بزانن هەشتی مارس بە پیرۆزباییەكی پووچ و بێمانا زیندوو دەمێنێتەوە. ئەم ڕۆژە بە خوێنی «ژینا» ئاودرا، تا لە خۆڵەمێشی مەزڵوومیەتێكەوە، «گڕكانی بێداری» سەر هەڵبدات؛ ئەو لە قاڵبی قوربانیەك تێپەڕی و بوو بە ئەفسانەیەك بۆ ڕاپەڕین. پیرۆز بێت شكۆی «شلێر ڕەسووڵی»؛ ئەو ژنەی باوەشی بۆ مەرگ و كەوتنەخوارەوە لە لوتكە كردەوە، بەڵام نەیهێشت كەرامەتی بكەوێت؛ ئەو بە جەستەی وردوخاشكراوی خۆی، ئێسقانەكانی سیستەمی چەوسێنەری شكاند.
كوا ئەو كەسەی دەڵێت ژن تەنیا «هەست»ە؟ با بڕوات لەبەردەم هەیبەتی «لەیلا قاسم»دا كڕنۆش ببات؛ هەمان ئەو كچەی پەتكەی سێدارەی وەك میدالیای شانازی لە مل كرد. با بڕوات لە «ناگیهان ئاكارسەل» بپرسێت كە چۆن «زانست» دەتوانێت لەرزە بخاتە ناو دڵی تیرۆریستان. یادی ئەم ڕۆژە، یادی ئەو هەوارە بێدەنگانەیە كە لە پشتی دیوارە ساردەكانی زیندانەوە، لە لایەن «زەینەب جەلالیان»ەكانەوە دەبێتە گەرمیەك بۆ هیوای نەتەوەیەك؛ ئەوانەی لەبەر خاتری «حەق و مافی نەنوسراوی من و تۆ» پیر دەبن، نەك بۆ لایك و كۆمێنتی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان!
ژنێك كە دە خولەك دەخوێنێتەوە، هەزاران ساڵی ڕووناكی لەو ژنە لە پێشترە كە تەنیا خەریكی ڕێكخستنی ماسكەكانی دەمووچاویەتی. «كتێب» تاكە چەكێكە كە سیستەمی باوكسالاری و یاسا ساختەكانی ئازادیی پێ دەبەزێنرێت. ئەو ژنەی دەخوێنێتەوە، جیهانێكی «زیادە» دەبەخشێتە گەردوون؛ چونكە ئەو ئیدی تەنیا «ڕەحمێك» نییە بۆ منداڵبوون، بەڵكوو «عەقڵێكی بنیادنەرە» بۆ نیشتمان.
ئەی ژن! مەبە بە بووكەڵەی دەستی بازاڕ و سیستەمێك كە دەیەوێت تۆ لە ئاستی «كاڵا»دا كورت بكاتەوە. مەهێڵە «جوانیت» ببێتە قەبرستانی «عەقڵت». وەرە ببەوە بە میراتگری ئەو شێرەژنانەی كە مێژوویان بە خوێن و زانست نووسیەوە. جیهان پێویستی بە «سیمای جوان» نیە، پێویستی بە «ئیرادەی جوان» و «عەقڵە كێوییەكان»ە كە تەسلیمی هیچ یاسایەكی كۆیلایەتی نابن. ئێوە تەنیا نیوەی كۆمەڵگە نین، ئێوە ئەو ڕوحە سەركێشەن كە ئەگەر بوەستن، مێژوو ڕادەوەستێت.

































































