زاری کرمانجی :
ئەمشەو چەند جارێک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕووبەڕووی هێرش بووەوە، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێرشەکەی بە تیرۆرستی ناوبرد و ڕایگەیاند، سوودانی بڕیاریداوە ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن بدرێنە دادگا.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران، فەرمانی ئاراستەی سەرجەم فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان کرد، بۆ ڕاوەدوونانی ئەنجامدەرانی ئەو کارە تیرۆریستییەی کە لە ڕێگەی هاویشتنی مووشەکەوە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە عێراق کردە ئامانج لەگەڵ ڕادەستکردنیان بە دادگا.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەڵيت:” بەئامانجگرتنی نێردە و باڵیۆزخانە دیپلۆماسییەکان کە لە عێراق کار دەکەن، کارێکە ناتوانرێت پاساوی بۆ بهێنرێتەوە و لەژێر هیچ بارودۆخێکدا قبوڵکراو نییە، و یەکێکە لەو کارانەی زیان بە ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیری تەواوی وڵات دەگەیەنێت.
گووتیشی :” ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە بێڕێزی و سوکایەتی بەرامبەر بە عێراق و سەروەری و ئاسایشەکەی دەکەن، ئەم گرووپە یاخیانەی کە پابەندی یاسا نابن، بە هیچ جۆرێک گوزارشت لە ئیرادەی گەلی عێراق ناکەن .

































































