دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، ڕایگەیاند، وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیی بەهۆی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەمان بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژکردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئادار دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەیان بە ڕووی هەموو گەشتە ئاسمانییەکاندا، ئەوەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیی بەهۆی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژکراوەتەوە. بڕیارەکە لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 7ـی ئاداری 2026 دەستپێدەکات و تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق ڕوونیکردەوە، ئەم بڕیارە هەموو ئەو فڕۆکانە دەگرێتەوە کە لە عێراقن، یان دەچنە دەرەوە، هەروەها ئەو فڕۆکانەشی کە تەنها ئاسمانی عێراق وەک ترانزێت بەکاردەهێنن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ بارودۆخی ئەمنی و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە دراوە. هەروەها جەختکراوەتەوە کە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی ڕەوشەکە و بەپێی هەر پێشهاتێکی نوێ، بڕیارەکە هەڵدەسەنگێندرێتەوە و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی لێ ئاگاداردەکرێنەوە.

































































