مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێكی دا كە پشتی بە پێنج سەرچاوەی ئاگادار بەستووە ئاشكرای دەكات كە دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) داوای لە هەواڵگری بەریتانیا (MI6) كردووە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات دژی هەوڵەكان بۆ تیرۆركردنی ئەحمەد شەرع.
لە ڕاپۆرتەكەی ڕۆیتەرز هاتووە كە چەند بەرپرسێكی باڵای سووریا و بیانی ئاماژەیان بەوە كردووە داعش چەندین جار هەوڵی كوشتنی ئەحمەد شەرعیان داوە و سەرچاوەیەكی توركیش بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە “دەزگای میت، ڕۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە هێنانە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، بۆیە دوای زنجیرەیەك هەوڵدانی داعش بۆ كوشتنی شەرع، دەزگاكە داوای یارمەتی لە MI6 كردووە.”
هاوكات سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی سووریا بۆ ڕۆیتەرز ئاشكرای كردووە “دوای “پیلانێكی تیرۆركردنی زۆر مەترسیدار”ی شەرع، میت و MI6 و دەسەڵاتدارانی سووریا بەردەوام زانیاری هەواڵگرییان بەیەكەوە هاوبەش كردووە.”
سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاست لە بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی توركیا، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەكەی ڕۆیتەرز، لە ڕاگەیێندراوێكی دا زانیارییەكانی ناو ڕاپۆرتەكەی بە ناڕاست ناوبرد و دەڵێت “ئەو هەواڵە ڕاست نییە و بێ بنەمایە كە میت داوای هاوكاری لە MI6 كردبێت بۆ پاراستنی ئەحمەد شەرع.”

































































