بەهۆی چاوەڕوانکردنی هێرشی ئاسمانی بەرفراوان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دەستەی حەشدی شە*عبی دەستیان بە چۆڵکردنی بەشێکی زۆری بارەگاکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق کردووە.
بەپێی زانیارییە ئەمنییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی ئاداری 2026، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بنکە و بارەگا سەرەکییەکانیان چۆڵ کردووە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی پێنج شەوی ڕابردوودا، بنکەکانی ئەو گروپانە ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوام بوونەتەوە و مەترسی هێرشی توندتر لە ئارادایە.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی ئاشکرای کردووە کە کشانەوەی حەشدی شەعبی بۆشاییەکی ئەمنی گەورەی لەو ناوچانە دروست کردووە. لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق فەرمانی بە یەکەکانی سوپای عێراق کردووە بە شێوەیەکی کاتی لەو شوێنانە جێگیر ببن کە حە*شدی لێ کشاوەتەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و ڕێگری لە هەر پێشێلکارییەک.

































































