فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی عەرەبستانی سعودیە کارئاسانییەکی گەورەی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردانە کردووە کە نیشتەجێی ئیماراتن و دەیانەوێت بە وشکانی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو هاووڵاتییانە دەتوانن بەبێ پێویستی بە “ڤیزای پێشوەختە”، ڕاستەوخۆ لە وڵاتی ئیماراتەوە بەرەو خاڵی سنووری “البطحاء” لەگەڵ سعودیە بەڕێ بکەون. لەوێ لەسەر سنوور ڤیزای چوونەژوورەوەیان پێدەدرێت.
دوای وەرگرتنی ڤیزا لە خاڵی سنووری “البطحاء”، هاووڵاتییان دەتوانن بە خاکی سعودیەدا تێپەڕن تا دەگەنە دەروازەی سنووری “عەرعەر” (سنووری نێوان سعودیە و عێراق). لەوێشەوە دەتوانن ڕاستەوخۆ بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بگەڕێنەوە.

































































