ئاژانسی “فارس نیوز”ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە زاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە کە هێرشەکانی 7 ڕۆژی ڕابردوو بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، تەنیا بە بەکارهێنانی موشەکە کۆنەکان ئەنجام دراون.
ئەم بەرپرسە ئاشکرای کردووە بەهۆی ئامادەکاری بۆ جەنگێکی درێژخایەن، تاران تا ئێستا ئەو موشەکانەی بەکارهێناوە کە بەرهەمی ساڵانی 2012، 2013 و 2014 بوون. جەختیشی کردەوە کە ئێران جگە لە چەند حاڵەتێکی کەم، هێشتا نەوەی نوێی موشەکەکانی خۆی لەم جەنگەدا بەکار نەهێناوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پیشەسازیی بەرگریی ئێران لەوپەڕی چالاکیدایە و هێڵەکانی کۆکردنەوە و دروستکردنی موشەک بە شێوەیەکی بەردەوام و هاوکات سەرقاڵی بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی سیستەمی موشەکین.
ئەم بەرپرسەی سوپای پاسداران هۆشداریی دا لە ڕۆژانی داهاتوودا شێوازێکی نوێی هێرشکردن دەست پێ دەکات. ڕایگەیاند: “چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، نەوەی نوێی موشەکە پێشکەوتووەکان کە مەودایەکی دوورتر دەبڕن و تا ئێستا کەمتر بەکار هێنراون، بخرێنە ناو جەنگەکەوە.”

































































