وەرزش ـ زاری كرمانجی:
شازدە هەڵبژاردە ماڵئاواییان لەمۆندیال كردووە، ئەمڕۆ كێبڕكێ لەنێوان ئەو شازدەیەی ماون دەست پێدەكات.
بە بەڕێوەچوونی دوو یاریی، گرێی یارییەكانی قۆناخی شازدەی جامی جیهانی دەكرێتەوە.
كاتژمێر 6 ـی ئێوارە لەسەر یاریگەی خەلیفەی نێودەوڵەتی، هۆڵەندا رووبەڕووی ئەمریكا دەبێتەوە.
دواین رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەم دوو هەڵبژاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ پێنج ساڵ لەمەوبەر كاتێك ئەمریكا 4 بە 3 یارییەكەی بردەوە.
یاریی دووەم كاتژمێر 10 شەو لەسەر یاریگەی ئەحمەد بن عەلی بەڕێوەدەچێت، تێیدا ئارجێنتینا رووبەڕووی سوپرایزەكەی كۆمەڵەی فەڕەنسا، ئوسترالیا دەبێتەوە.
بردنەوەی ئەم یارییە یەكسانە بە بڕینی هەنگاوێكی گەورەتر بۆ مێسی و هاوڕێكانی، تا خەونی لەمێژساڵەی ئارجێنتینا وەدیبهێنن، و مێسی یەكەمین نازناوی مۆندیال دەستەبەر بكات.
ئەو دوو هەڵبژاردەیەی ئەمشەو بردنەوە تۆماردەكەن، راستەوخۆ سەردەكەون بۆ قۆناخی 8.