دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، تاکە بژاردە لەبەردەم ئێراندا تەنیا خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرجە و دیارییکردنی رێبەرێکی قبووڵکراوە لەلایەن ئێمە و هیچ رێککەوتنێکی دیکە بوونی نییە؛ بەڵێنیش دەدات دوای گۆڕینی دەسەڵات، ئێران لە لێواری لەنێوچوون رزگار بکات.
هەینی 6ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند: هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ناکەین، تەنیا خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج نەبێت.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا باسی قۆناغی دوای خۆبەدەستەوەدانی کردووە و دەڵێت: دوای دەستنیشانکردنی سەرکردەیەکی مەزن و پەسەندکراو، ئێمە و زۆرێک لە هاوپەیمانە نایابەکانمان، بە ماندوونەناسانە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئێران لە لێواری لە نێوچوون بگەڕێنینەوە.
سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی داوە لە رووی ئابوورییەوە ئێرانێکی گەورەتر، باشتر و بەهێزتر لە جاران بنیات بنێتەوە و نووسیویەتی: ئێران داهاتوویەکی مەزنی دەبێت.
































































