دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا، ڕایگەیاند بە شێوەیەکی کاتی ڕێگەیان داوە بە جێگیربوونی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی فەڕەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئادار، دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا، ڕایگەیاند: بە شێوەیەکی کاتی ڕێگەیان داوە بە جێگیربوونی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی فەڕەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران تێوەگلاوە.
گوتەبێژی ئەرکانی گشتیی سوپای فەڕەنسا ڕاگەیاند: “لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕێگەمان داوە بە فڕۆکەکانیان بە شێوەیەکی کاتی لە بنکەکانمان جێگیر بن.” گوتیشی: “ئەم فڕۆکانە بەشدارن لە پاراستنی هاوبەشەکانمان لە ناوچەی کەنداو.”
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا فەرمانی کرد بە جووڵاندنی هێزێکی گەورەی سەربازی بۆ ناوچەکە، لەوانە ڕەوانەکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری “شارل دیگۆل” و کەشتیگەلە جەنگییەکان و هێزە ئاسمانییە هاوڕێکانی بۆ ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاست.
ماکرۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەم ململانێیەدا کە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێ کرد و دواتر بە وەڵامدانەوەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو فراوانتر بوو، تەنها هەڵوێستێکی “بەرگریی ڕووت”.
































































