زاری کرمانجی سپۆڕت
بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لەم دواییانەدا ڕووی لە ناوچەکە کردووە، وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی و مرۆیی بەرامبەر بە پاراستنی سەلامەتیی یاریزانان، ستافی تەکنیکی، و هاندەرانی ئازیز، بڕیارێکی نوێ لە بەرژەوەندی گشتیدا درا.
دوای هەڵسەنگاندنی ورد، بڕیاردرا بە دەستپێکردنەوەی یارییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە:
خشتەی نوێی یارییەکان:
🔸 خولی پلە یەکی کوردستان: ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی 06-03-2026 بەڕێوەدەچێت.
🔹 خولی نایابی کوردستان: ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی 07-03-2026 بەڕێوەدەچێت.
تێبینی و ڕێنماییە گرنگەکان:
- ئەنجامدانی یارییەکان بەبێ هاندەر:
لەبەر پاراستنی گیانی گشتی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام لەم بارودۆخە هەستیارەدا، بڕیاردرا سەرجەم یارییەکان بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر بەڕێوەبچن. ئەم هەنگاوە تەنیا بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی هاندەرانە، تا ئەو کاتەی دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی دەبێتەوە. - پابەندبوونی یانەکان:
هەر یانەیەک پابەندی بڕیاری (ئەنجامدانی یاری بەبێ هاندەر) نەبێت و ڕێگە بە چوونە ژوورەوەی جەماوەر بدات، ڕووبەڕووی سزای قورسی مادی و یاسایی توند دەبێتەوە. داوا لە یانەکان دەکەین بەوپەڕی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا بکەن.
ئامانجمان سەلامەتی ئێوە و بەردەوامی وەرزشە لە کوردستان.
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان
4ـــی ئاداری 2026

































































