نووسینی: سۆران حەمەڕەش
دوو بەڵگەی مێژوویی پێمان دەڵێن کە کورد کێیە و چۆن فارسەکان خاک و کولتووری ئەوانیان دزیوە و داگیرکردووە>
بەداخەوە کورد گرنگی بە مێژووی خۆی و بایەخ بەو دزییە نادات کە لە خاک و کولتووری، لەژێر ناوی ئێران و ئێرانیبوودا کراوە. وشەی “دزی” لێرەدا هی من نییە و هی مێژوونووسی یۆنانی سترابۆیە، کە ڕێک وەک خۆی ئەو بەو جۆرە نووسیویەتی.
سترابۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە پەرتووکی جوگرافیاکەیدا باس لە فارس و کورد دەکات. پوختەی قسەکەی ئەوەیە کە فارسەکان ئەسپسواری، خوداپەرستی، تیربازی و دابوونەریتی دیوەخانیان لە مادەکان دزیوە.
تەنانەت دەڵێت جلوبەرگی مادەکان کە شەڕواڵە و سەرەوەشی قۆڵدرێژە و لەگەڵ کڵاودا بۆ شوێنی سارد و چیاکان دروستکراوە، فارسەکان ئەوەی ئەوان لەبەردەکەن. ئەمجا دەڵێت فارسەکان خۆیان دانیشتووی سەر کەنداون و لە شوێنی گەرمدا دەژین، بەڵام لەبەر ئەوەی جلی ئەوان (مادەکان) بە بەرزتر دادەنێن لەوەی خۆیان، هی ماد (کورد)ەکان بەکاردەهێنن.
دواتر مێژوونووسی ئەرمەنی، کریاکۆس، زیاتر لە حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر بە ڕوونی دەڵێت کە مادەکان ئەمڕۆ پێیان دەڵێن کورد. وەک ڕوون دەبێتەوە، لە بنەچەدا فارسەکان دانیشتووی ئۆستانی فارسی ئەمڕۆ بوون و وردە وردە، بەتایبەت لەم سەد ساڵەی دواییدا لەژێر ناوی درۆی ئێران و ئێرانیبووندا، خۆیان کردووە بە خاوەنماڵ و ئێمەش بە جوداخواز (تەجزییە تەڵەب).
بە دڵنیایی ئەو نەتەوەیەی مێژوو بۆ نەتەوەیەکی تر دەنووسێتەوە، ئەوا داهاتوو بۆ ئەو نەتەوەیە دیاری دەکات کە مێژووەکەی بۆ دەنووسرێتەوە.
لە سەد ساڵی ڕابردوودا شتێک بە ناوی مێژوو بۆ کورد نووسراوە، کە لە بناغەکەیدا بەشێکی بەرچاوی درۆی دەزگا ئەکادیمییە ئەوروپییەکانە و بۆ مەبەستی داگیرکردن و پتەوکردنی سنوورە دەستکردەکان و ناسنامەی درۆینەی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا داڕێژراوە. هەتاوەکو کورد خۆی لەژێر کاریگەری ئەو مێژووە درۆینەیە نەهێنێتە دەرەوە، ئەوا وەک ئەمڕۆ بە ژێردەستەیی و هزر و خاک داگیرکراوی دەمێنێتەوە.
لە ڕاستیدا سەدان بەڵگەی ڕوون لەسەر ئەم بابەتە هەیە و بە وردی لە پەرتووکی (مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد)ی سۆران حەمەڕەشدا ڕوونکراوەتەوە.

































































