لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل گەیاند، لە بەرانبەردا نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشیی خۆی بۆ کوژرانی ڕێبەری باڵای ئێران دەربڕی و هەردوولا جەختیان لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی ئێران کردووە بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک لە سەرکردە و هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل.
نێچیرڤان بارزانی جەختیشی لە خواستی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وێڕای سوپاسکردنی سەرۆکی هەرێم، ڕایگەیاندووە کە هێرشەکان لە کاتێکدا ئەنجام دراون کە دانوستانەکان بەردەوام بوون بۆ جاری دووەم لە نۆ مانگی ڕابردوودا، ئەمەش بە بەڵگەی شەڕخوازی و ناراستگۆیی ئەمەریکا لە دۆسیەی ئەتۆمیدا وەسف کرد.
عێراقچی هۆشداری دا کە ئەم هێڕشە سەربازییە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی تەواوی ناوچەکە و لێکەوتەی جیهانیی دەبێت.
تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە تایبەت بوو بە پرسە ئەمنییەکان؛ هەردوولا باسیان لە پتەوکردنی هاوکارییەکان کرد لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، بەتایبەت لەمەڕ پاراستنی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە هەر لایەنێکی سێیەم بۆ بەکارهێنانی خاکەکە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.

































































