سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئیمارات دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە شێخ عەبدوڵلا بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئیمارات پێگەیشت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە پەیوەندییەکەدا، دۆخی گشتیی ناوچەکە و بە تایبەت دەوڵەتی ئیمارات و عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم چەند ڕۆژە تاوتوێ کرا و هەر دوو لا نیگەرانی قووڵی خۆیان لە هێرش و پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکان دەربڕی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: مەسرور بارزانی و شێخ عەبدوڵلا بن زاید ئال نەهیان جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە و هێورکردنەوەی گرژی و دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان کردەوە.
































































