لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هێشتا لە سەرەتای دەستپێکی شەڕدایە و بۆ ئەم مەبەستەش هێزی سەربازی و فڕۆکەی جەنگی زیاتر ڕەوانەی مەیدانی جەنگ دەکەن. وەزیری جەنگ ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە بە تەواوی کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێران بکەن و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم شەڕەی ئێستا حەوت هێندە لە شەڕەکانی پێشوو بەهێزتر و فراوانترە.
لە لایەکی ترەوە و لە پەرەسەندنێکی مەیدانی چاوەڕواننەکراودا، هێزەکانی ئەمریکا کوشتنی ئەو فەرماندەیەیان ڕاگەیاند کە بەرپرسیار بووە لە هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک دۆناڵد ترامپ. هاوکات لەسەر ئاستی دەریایی، گرژییەکان گەیشتوونەتە لوتکە دوای ئەوەی ژێردەریایییەکی ئەمریکی کەشتییەکی ئێرانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا نوقم کرد، جگە لە تێکشکاندن و نوقمکردنی کەشتییەکی تری ئێرانی کە بە ناوی “سولەیمانی” ناسراوە.

































































