موڕشید برادۆستی – زاری کرمانجی :
ئەمڕۆ چوارشەممە، 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ڕەوانە بکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لەگەڵ گەیشتنی 120 ملیارەکە، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی کردووە بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
گووتیشی:” ئەگەر ئەمڕۆ ڕێکارەکان تەواو بکرێن و وەزیری دارایی واژۆ لەسەر ڕەوانەکردنی پارەکە بکات، دەتوانرێ سبەی پێنجشەمە پارەکە لە لقی هەلێری بانکی ناوەندی عێراق وەربگیرێت، لەئەگەری تەواو نەکردنی ڕێکارەکانیش تەمویل کردنی پارەکە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو.
مانگانە حکوومەتی عێراق دوای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی، سەرووی 900 ملیار دینار وەک مووچە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات، لەگەڵ گەیشتنی پارەکە وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم لە ماوەی کەمتر لە پێنج ڕۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان دابەش دەکات .

































































