مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕاگەیاندراوێكی دا ئاشكرای دەكات كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی ئاڵۆزییەكانی پەیوەست بە ئێرانەوە، زیاتر لە نۆ هەزار هاووڵاتی ئەمەریكایی ئەو ناوچەیەیان بەجێهێشتووە و بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بۆ وڵات.
لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی ناوبراو هاتووە “لەو وڵاتانەی كە گەشتە ئاسمانییەكانیان تێدا وەستاوە، وەزارەتی دەرەوە، هاوكاری هاووڵاتییانی ئەمەریكا دەكات بۆ بەجێهێشتنی ئیمارات و سعوودیە و عومان و میسر، بۆ ئەوەی بتوانن بلیتی فڕۆكەوانی ببڕن و بە سەلامەتی ئەو ناوچەیە چۆڵ بكەن.”
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەش كردووە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیكەی سێ هەزار هاووڵاتی ئەمەریكایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی تەلەفۆنییان كردووە.
ڕۆژی سێشەممە 3ی 3ی 2026، بەهۆی شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل دژی ئێران و تێكچوونی دۆخی ئاسایشی ناوچەكە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە هاووڵاتییانی چواردە وڵات كرد لە (بەحرەین، میسر، ئێران، عێراق، ئیسرائیل بە كەناری ڕۆژئاوا و غەززەوە، ئوردن، كوەیت، لوبنان، عومان، قەتەر، سعوودیە، سووریا، ئیمارات و یەمەن) كرد بگەڕێنەوە بۆ ئەمەریكا.

































































