نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
زۆربەی خانمان وا ڕاهاتوون لە کاتی دووگیانیدا بۆ کەمکردنەوەی ئازار یان دڵتێکەڵهاتن پەنا بۆ گیادەرمان و پێکهاتە سروشتییەکان ببەن، بەو باوەڕەی کە ‘سروشت زیانی نییە’. بەڵام ڕاستییە زانستییەکان پێمان دەڵێن کە هەندێک لەم گیا و بەهاراتە بەناوبانگانە، ماددەی کیمیایی بەهێزیان تێدایە کە دەکرێت ببنە هۆی گرژبوونی منداڵدان یان تێکچوونی گەشەی کۆرپەلە. لەم بابەتەدا، بە وردی تیشک دەخەینە سەر ئەو گژو گیا پزیشکی و بەهاراتانەی کە پێویستە خانمانی دووگیان لێیان دووربکەونەوە یان بە وریاییەکی زۆرەوە بەکاریان بهێنن لەکاتی دوو گیانیدا.
١_ ئەو گیایانەی دەبنە هۆی گرژبوونی منداڵدان و مەترسی لەبارچوون وە دەبنە هۆی چالاککردنی ماسولکەکانی منداڵدان، کە لەوانەیە ببێتە هۆی خوێنبەربوون لەوانە گیایی مەریمیە (Sage) بڕێکی زۆر لە ماددەی “Thujone” تێدایە کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و هاندانی منداڵدان.
٢_پونگ (Pennyroyal): یەکێکە لە مەترسیدارترینەکان؛ دەکرێت ببێتە هۆی ژەهراویبوونی جگەر و لەبارچوونی کۆرپەلە.
٣_ زەعفەران (Saffron): بەکارهێنانی بە بڕی زۆر بۆ نموونە لە ناو چا یان وەک دەرمان) دەبێتە هۆی گرژبوونی بەهێزی منداڵدان.
٤_ گوڵە بەیبوون (Chamomile): خواردنەوەی یەک کوپ جاروبار کێشە نییە، بەڵام خواردنەوەی بە بڕی زۆر وەک دەرمان، مەترسی لەبارچوون زیاد دەکات.
٥_ ئەو گیایانەی کار دەکەنە سەر هۆرمۆنەکان
ئەم ڕووەکانە وەک “فایتۆئیسترۆجین” کار دەکەن و دەکرێت گەشەی سروشتیی کۆرپەلە تێکبدەن ڕەگی مێکوک، عەرەقسوس (Licorice Root) دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و کاریگەری خراپی لەسەر گەشەی مێشکی کۆرپەلە دەبێت یان خواردنی زۆری کەتان (Flaxseed): بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆر لە هۆرمۆنی ڕووەکی، پێویستە لە کاتی دووگیانیدا زۆر لێی وریابن.
٦_ گیا و بەهاراتە توندەکان (بە بڕی زۆر)
زۆربەی ئەم بەهاراتانە لە ناو خواردندا بە بڕی کەم کێشەیان نییە، بەڵام وەک “چا” یان “کەپسول” مەترسیدارن دارچین (Cinnamon) بە بڕی زۆر (وەک چای دارچین یان زەیتی دارچین) دەبێتە هۆی خوێنبەربوون و تێکچوونی شەکری خوێن، گوڵەمێخەک (Clove) زەیتی مێخەک یان خواردنی بە بڕی زۆر دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆئەندامی دەمار، کەرەوز و تۆوی کەرەوز: کەرەوز بە بڕی زۆر دەبێتە هۆی هاندانی سوڕی مانگانە و منداڵدان، هێل (Cardamom): خواردنی بە بڕی زۆر (وەک چایەکی خەست) مەترسی لەبارچوون زیاد دەکات.
٧_ گیا باوەکانی تر کە دەبێت لێیان وریابن لەوانە” جینسیینگ (Ginseng) کاریگەری لەسەر گەشەی ئەندامەکانی کۆرپەلە دەبێت و دەبێتە هۆی خوێنبەربوون لە کاتی منداڵبووندا، ئاڵۆڤێرا (Aloe Vera): خواردنەوەی شەربەتی ئاڵۆڤێرا دەبێتە هۆی سکچوونی توند و دابەزینی شەکری خوێن بۆ ئاستێکی مەترسیدار.
تێبینی : خانمی بەڕێز تەندروستی تۆ و کۆرپەلەکەت لە سەروو هەموو شتێکەوەیە ئەگەر دووگیانیت، هەمیشە وا دابنێ کە هەموو گیادەرمانێک ‘دەرمانە’ نەک تەنها خۆراک. پێش خواردنەوەی هەر جۆرە چایەکی ڕووەکی (بەیبون، چای سەوز، زەنجەفیل)، لە کەسانی پسپۆڕ و کەسانی شارەزا لەبواری دەرمانی گیایی بپرسە و ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆری خۆت چونکە باشترین سەرچاوەیە بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە سیستەمی خۆراکیتدا.































































