ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران بۆ زاری کرمانجی ئاشکرای کرد، بە نووسراوێکی فەرمی چەند بەنزینخانەیەک لە سۆران بڕیاری داخستنیان بۆ دەرچووە
ئەمیر شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران ڕایگەیاند بەهۆی دەرنەچوون لە پشکنینی کواڵیتی جۆری و خراپ بوونی سووتەمەنییەکانیان، چەند بەنزینخانەیەک لە سۆران دادەخرێن. دەشڵێت، لیژنەکانی سووتەمەنی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سۆران سووتەمەنی ئەو شوێنانەیان پشکنیوە، بەڵام بەداخەوە لە پشکنین دەرنەچوون. لەوانە، بەنزینخانەکانی: لاوین، هۆگر، ئاشتی، هێما، وڵات.
بە گوێرەی ووتەکانی ئەمیر شانەدەری، بە مەبەستی داخستنیان، بە نووسراوێکی فەرمیی ناوی ئەو بەنزینخانانە دەدرێتە لایەنی پەیوەندیدار و دادگای گشتی. گووتیشی، چەندین جار بەڵێننامە بەو بەنزینخانانە پڕ کراونەتەوە، کەچی پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون. بۆیە بڕیار درا کە چیتر ڕێگە نەدرێت ئەو بەنزینخانانە سووتەمەنی خراپ بە هاووڵاتییان بفرۆشن.

































































