بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی “بلومبێرگ”، حکومەتی چین بە فەرمی هاتە سەر هێڵ و گوشارەکانی بۆ سەر تاران دەستپێکردووە تاوەکو پارێزگاری لە ئاسایشی گەرووی هورمز بکات و ڕێگری لە هەر هێرشێک بکات بۆ سەر تانکەرەکانی نەوت و غاز.
پەکین، کە بە گەورەترین کڕیاری وزەی کەنداو دادەنرێت، پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی بەرپرسانی ئێران کردووە و داوای لێکردوون گەرووی هورمز بە کراوەیی بهێڵنەوە. ئەم جووڵەیەی چین دوای ئەوە دێت کە گرژییەکان بوونە هۆی پەکخستنی هاتووچۆی کەشتییەکان و تەنانەت ناچارکردنی قەتەر بە ڕاگرتنی کاتی بەرهەمهێنانی غازی شل (LNG).
لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری ئابووری چین پشت بە وزەی وڵاتانی کەنداو دەبەستێت، بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە تارانیان ڕاگەیاندووە کە بەئامانجگرتنی ڕێڕەوە ئاوییەکان زیان بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی چین دەگەیەنێت و دەبێت ئەو ڕێڕەوانە بۆ بازاڕە جیهانییەکان پارێزراو بن.

































































