وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا هاوڵاتیان دڵنیا دەکاتەوە کە بڕێکی باشی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە کۆمپانیا و کۆگاکانی کەرتی گشتی و تایبەتدا بەردەستە و هیچ جۆرە ترس و دڵەڕاوکێیەک بۆ کەمی دەرمان لە ئارادا نییە.
دکتۆر سامان بەرزنجی، جەختی لەوە کردەوە کە پێویست ناکات هاوڵاتیان بۆ مەبەستی کۆگا کردن بڕی زیاتر لە پێویستی خۆیان دەرمان بکڕن، بەڵکو تەنها دابینکردنی ئەو ژەمانەی کە لەلایەن پزیشکەوە دیاریکراون بەسە بۆ چارەسەری نەخۆشەکان.
سەبارەت بە نرخی دەرمانیش، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ جۆرە گرانبوونێک لە نرخەکاندا ڕووی نەداوە و داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی کڕینی دەرماندا پابەندی ئەو نرخە بن کە لەسەر ستیکەری حکومی دیاریکراوە و بە هیچ شێوەیەک پارەی زیاتر نەدەن.
هەروەها ئاشکرای کرد کە هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ دابینکردنی زیاتری پێداویستییەکان بۆ بەشە هەستیارەکانی وەک ژووری نەشتەرگەری، چاودێری چڕ و فریاکەوتنەکان وەک بەشێک لە پلانی فریاگوزاری ئامادەکراو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
لە لایەکی ترەوە، دکتۆر سامان بەرزنجی باسی لە ئامادەباشی تەواوی تیمە پزیشکییەکان کرد و ڕایگەیاند کە پلانێکی ورد بۆ تیمە گەڕۆکەکان، فریاگوزاری خێرا و ئۆتۆمبێلەکانی ئەمبوڵانس دانراوە تاوەکو لە کاتی هەر ڕووداوێکدا لە زووترین کاتدا بگەنە شوێنی مەبەست.
هاوکات سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن و خشتەی ئێشکگری پزیشکان و کارمەندان بە جۆرێک ڕێکبخرێت کە هیچ گرفتێک لە پێشوازیکردنی نەخۆش و برینداران دروست نەبێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی پێویستدا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ١٢٢ی ئەمبوڵانسەوە بکەن بۆ گواستنەوەی حاڵەتە بەپەلەکان. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە هەر کەسێک سەرپێچی لە نرخەکان یان کەمتهرخەمی لە خزمەتگوزارییەکان بەدی کرد، دەتوانێت لە ڕێگەی هێڵە گەرمەکان و سندوقی سکاڵاکانەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکاتەوە تاوەکو ڕێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.

































































