مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
فەرماندەی (CENTCOM) پەیامێك ئاراستەی 50 هەزار سەربازی وڵاتەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و داوایان لێ دەكات لە ئامادەباشی تەواو دابن.
ژەنەراڵ براد كوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا (CENTCOM)، ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی 3ـی 2026 پەیامێكی ڕاستەوخۆی فەرمانی ئامادەباشی بۆ 50 هەزار سەربازی وڵاتەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەركرد و ڕاگەیاند “سوپا بەرەو ئەركێك هەنگاو دەنێت كە “دەرەنجامی قووڵی” دەبێت.” گوتیشی “كاتی ئامادەكاری كۆتایی هات، ئێستا كاتی هەنگاونان و كردارە، وڵاتەكەمان لە قۆناخی ڕێگریكردنەوە دەگۆڕێت بۆ قۆناخی جەنگی ڕاستەقینە.”
براد كوپەر ستایشی سەرجەم یەكە جیاوازەكانی سوپا (سەربازانی پیادە، دەریاوانان، هێزی دەریایی، فڕۆكەوانان، پاسەوانی نیشتمانی و كارمەندانی پاسەوانی كەناراوەكان) كرد و ئاشكراشی كرد كە هێزەكان لە دوو گرووپ پێكهاتوون؛ هەندێكیان پێشتر لە ناوچەكە جێگیر كراون و هەندێكی دیكەشیان لە ماوەیەكی كورتدا لە ئەمریكاوە گوازراونەتەوە، جگە لەوەی ماوەی خزمەتی بەشێك لە سەربازەكان بۆ ئەم ئەركە گرنگە درێژكراوەتەوە.

































































