شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقی ئاشكرای كرد كە لە ڕێگەی درۆنێكەوە هەوڵی نزیكبوونەوە لە زیندانی ئەبو غرێب دراوە كە دەكەوێتە دەوروبەری بەغدا.
ئەوەش ئاشكرا كراوە كە هێزە ئەمنییەكان رووبەڕووی درۆنەكە بوونەتەوە و مەترسییەكەیان دوور خستووەتەوە.
باسیش لەوە كراوە كە هیچ زیندانییەكی دۆسیەكانی تیرۆر لەو زیندانەدا نییە و دۆخی ئەمنیی زیندانەكەش سەقامگیرە.
هەر لەمبارەیەوە ستیڤن نەبیل، ڕۆژنامەنووسی عێراقی لە پێگەی خۆی ئەم هەنگاوەی بە ”زۆر مەترسیدار” ناو بردووە و پرسیاری ئەوەی كردووە كە ئاخۆ كێ دەیەوێ ئاژاوە لە عێراقدا بنێتەوە و ئاسایشی ولاتەكە لەم دۆخە مەترسیدارەی ناوچەكەدا بخاتە مەترسییەوە؟
ئەمە لە كاتێكدایە كە چەند ڕۆژێكە لە ناو شاری بەغداش ئاژاوەیەكی زۆر هەیە و خۆپیشاندەرانی سەر بە میلیشیاكانی عێراق هەوڵی چوونە نێو ناوچەی سەوزی بەغدا و هێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی وڵاتان دەدەن و تەنانەت تەقەش لە هێزە ئەمنییەكان دەكەن.

































































