موڕشید برادۆستی – سۆران:
ماوەی چەندین ساڵە، رێگەی سۆران – حاجی ئۆمەران كە بە رێگەی هامڵتۆن ناسراوە دروست كراوەو تا ئێستا نەكراوەتە دووساید، ئەمەش جەنجاڵی زۆری بۆ هاووڵاتییان و شوفێران دروستكردووە و هۆكارێكیش بووە بۆ زۆربوونی رووداوەكانی هاتووچۆ.
رێگای هاملتۆن تاكە رێگایە كە ئیدارەی سۆران و پارێزگای هەولێر بە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە دەبەستێتەوە، ئەم رێگایە وێڕای یەك سایدی و خراپی، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەو رێگەیەشدا هاتووچۆ دەكەن، مەترسی بۆ سەر گیانی شۆفێر و سەرنشینان هەیە، هەر لە بەر ئەوەش هاووڵاتییان بە رێگای مەرگ ناوی دەبەن .
ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” رێگەی سۆران – حاجی ئۆمەران كاتی خۆی كە دروست كراوە، ئەوەندە هاتووچۆی لەسەر نەبووە، بەڵام ئێستا بەهۆی هەبوونی دەروازەی نێودەوڵەتی رێگەكە رۆژانە جەنجاڵی زۆری لەسەرە، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە و نەهێشتنی ئەم جەنجاڵییە، هەوڵی بە دووسایدكردنی رێگەكە دراوە”.
بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران، دەڵێت:” لە رابردوو، دیزاین بۆ رێگەیەكی نوێ بە شێوەی دووساید لە نێوان سۆران تا حاجی ئۆمەران ئامادەكراوە و رەزامەندی حكوومەتی ماوە، پێویستە بخرێتە بەرنامە و كاری لەسەر بكرێت، چونكە بە دروستكردن و تەواوكردنی رێگەیەكی هاوشێوە ئاسانكاری باشی هاتووچۆ بۆ شوفێران و هاووڵاتییان دروست دەبێت”.
رێگەی هامڵتۆن، لە ناوەندی شاری هەولێر دەست پێ دەكات سنوری نێو دەوڵەتی لەگەڵ وڵاتی ئێران لە حاجی ئۆمەران كۆتایی دێت، لەسەدەی رابردوو دوای جەنگی جیهانی یەكەم و لەژێر دەسەڵاتی پاشایەتی لە ساڵەكانی (1927 – 1932) واتە بۆ ماوەی (5) ساڵ لەلایەن ئەندازیاری شارستانی نیوزلەندی لە سوپای بەریتانی بەناوی (ئارچیبالد مینلی هامڵتۆن) (Archibald minle Hamilton ) بە ئەنجام گەیشت و بەناوی ئەویشەوە ناوزەند كرا.