مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا ڕاگەیاند “لە شەپۆلی حەوتەم و هەشتەمی هێرشەكانماندا چەندین بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە وڵاتانی كەنداو كردووەتە ئامانج.”
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2ی 3ی 2026 لە پەیامێكی ڤیدیۆیی دا زانیاری وردی لە سەر شەپۆڵی حەوت و هەشتەمی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا ڕاگەیاند و دەڵێ “شەپۆلی حەوتەم و هەشتەمی ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستەقینە 4″ ئەنجامدراوە، لە ڕێگەی زنجیرەیەك هەڵدانی مووشەك و هێرشی بەرفراوانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.”
زولفەقاری ئاماژەی بەوەشكرد “كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكی ئەبراهام لینكۆڵن بە چوار مووشەكی كروز هێرشی كراوەتە سەر” و پشتڕاستی كردەوە كە دوای هێرشەكە لە ناوچەی جێگیركردنی بەرەو باشووری ڕۆژهەڵاتی زەریای هیند هەڵاتووە.
گوتەبێژی قەرارگای ناوەندیی خاتمولئەنبیا جەختی لەوەش كردەوە لە ئەنجامی هێرشەكاندا بنكەیەكی دەریایی ئەمریكا لە كوێت “بەتەواوی لە خزمەت دەرچووە”، هەروەها ڕایگەیاندووە كە بنكەیەكی هێزی دەریایی ئەمریكا لە بەندەری مینا سەلمان لە بەحرەین بە چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كراوەتە ئامانج و “زیانێكی بەرچاو”ی بە ناوەندەكانی فەرماندەیی و پشتیوانی گەیاندووە.
گوتیشی “لە بەردەوامیی هێرشەكانیان بۆ سەر ئامانجە دەریایییەكان، سێ نەوت هەڵگری ”سەرپێچیكار”ی وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا لە ناوچەی كەنداو و گەرووی هورمز كراونەتە ئامانج و ”ئێستا خەریكە دەسووتێن.”


































































