محەممەد مەحموود- سۆران:
دوای ئەوەی وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند” بۆ پاراستن و سەلامەتی گیانی کارمەندان لە کێڵگەی کۆرمۆر، بەو هۆیەوە هەناردەکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمی کرد، ئەمەش وایکرد بێتە هۆی کەم بوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا بە تایبەتی لەو شوێنانەی کارەبایان بۆتە 24 کاتژمێری.
بەپێی بەدواداچوونەکانی زاری کرمانجی، ئەمڕۆ کارمەندانی کۆمپانیای داناغاز گەڕاونەتەوە سەرکارەکانیان و دەستیکردۆتەوە بە بەرهەم هێنانی غاز، دوای گەیشتنی غازی پێویست بۆ وێستگەکانی کارەبا، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش ئەو شوێنانەی پڕۆژەی رووناکیان پێ گەیشتووه مۆلیدە پێناکرێت و ماوەیەک پێش ئێستا داوا لە خاوەن مۆلیدەکان کرا، مۆلیدەکانیان هەڵبگرن، هەر ئەمڕۆش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە سەر کارو پڕۆژەکانی کارەبا بەڕێوەدەچێت لەم سنوورە.
دوێنێ لە ڕاگەیاندراوی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی كارەبا هاتبوو ” بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاسایی و شەڕەی لە ناوچەكەدا ڕوویداوە، كۆمپانیای داناگاز هەناردەکردنی گازی سروشتیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگرت، بە هۆیەوە توانای بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 2500- 3000 مێگاوات كەم دەبێتەوە.
وەزارەتی كارەبا بە پشتبەستن بەو سەرچاوانەی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا، هەوڵ دەدات كاریگەرییەكانی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەر هاوبەشانی كەم بكاتەوە.


































































