زانیاری ورد لهبارهی كوژرانی خامنهیی.
وردەکارییەکان دەریدەخەن، کە کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، تەنها هێرشێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ئەنجامی “کەلێنێکی ئەمنی گەورە” و ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ئاڵۆز بوو، کە لە قووڵایی تاریکترین ژوورە پارێزراوەکانی تاراندا جێبەجێکرا.
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز و سەرچاوە ئەمنییەکان، کاتژمێرێک بەر لە هێرشەکە، خامنەیی گەیشتووەتە شوێنێک، کە لە بازنەی ئەمنی ئێراندا بە “شوێنی ئارام” ناسراوە.
ئەم شوێنە بنکەیەکی ژێرزەمینیی دژە-ئەتۆمی بووە و بۆ کاتە هەستیارەکان دیاری کراوە.
شوێنى کۆبوونەوەکە و سەر مێزەکە تەنها سێ کەسی لە دەور بووە، عەلی خامنەیی (ڕێبەری باڵا) عەلی شەمخانی (ڕاوێژکاری باڵا)، عەلی لاریجانی (لێپرسراوی دۆسیە تایبەتەکان).
ئامانجی کۆبوونەوەکە، داڕشتنی “دوایین نەخشە” بووە بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل، بەڵام ئەوان نەیاندەزانی، کە نەخشەی کوشتنەکەیان پێشتر کێشراوە.
خیانەت یان تەکنەلۆژیا؟ چۆن شوێنەکە ئاشکرا بوو؟
خاڵی وەرچەرخان لەو کاتەدا ڕوویدا، کە کاتی کۆبوونەوەکە گۆڕدرا، بڕیار بوو ئەم دانیشتنە ئێوارەی شەممە ئەنجام بدرێت، بەڵام بە بڕیارێکی لەناکاو بۆ “بەرەبەیان” پێشخرا.
هەواڵگریی ئیسرائیل و ئەمریکا نەک تەنها بەم گۆڕانکارییەیان زانیوە، بەڵکو “کاتی دەستپێکی کۆبوونەوەکە”ـیان وەک کاتژمێری سفر دیاری کردووە.
ئەمە ئاماژەیە بۆ بوونی “سیخوڕی ئاست بەرز” یان هاککردنی سیستەمە پەیوەندییە داخراوەکانی نوسینگەی ڕێبەری.
کاتى هێرشەکە دیاریکراوە و فڕۆکەکان، کە هەڵگری مووشەکی “تێکشکێنەری سەنگەر” بوون، بەبێ ئەوەی ڕادارەکانی ئێران بیانگرن، گەیشتنە ئاسمانی تاران.
لەو ساتەدا، کە خامنەیی و شەمخانی خەریکی تاوتوێی ڕاپۆرتەکان بوون، زنجیرەیەک تەقینەوەی یەک لەدوای یەک زەوییەکەی هەژاند، هێرشەکە بە شێوەیەک دیزاین کرابوو، مووشەکی یەکەم قەباغی پارێزەر و کۆنکرێتی شوێنەکە بڕوخێنێت و مووشەکەکانی دواتر بچنە قووڵایی هۆڵی کۆبوونەوەکە.
سەرچاوەکان دەڵێن، وێرانکارییەکە ئەوەندە گەورە بووە، کە تیمەکانی فریاگوزاریی تایبەتی سوپای پاسداران بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر نەیانتوانیوە بچنە خوارەوە، “شوێنی ئارام” ببووە گۆڕێکی بەکۆمەڵ بۆ بەرزترین دەسەڵاتی ئایینی و سیاسی وڵات.
ئەم ڕووداوە کۆتایی سەردەمێک و سەرەتای قۆناغێکی نادیارە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ پرسیارەکە ئەوە نییە کێ شوێنی دەگرێتەوە، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ئێران لەدوای ئەم گورچکبڕە دەتوانێت خۆی بگرێتەوە؟


































































