مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای كوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕاگەیاند “ڕابەری ئێران میراتی كۆڵنەدانی بۆ بەجێهێشتن،” و دەشڵێت كە ئەو ئاڵایەی خامنەیی هەڵیكرد لەسەر زەویی نامێنێتەوە و دەیگوازنەوە بۆ بەرزترین لووتكە،”
عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێكی دا سەرەخۆشی لە گەلی ئێران دەكات و ڕایدەگەیەنێت “بە دڵێكی پڕ لە ئازار و خەمەوە سەرەخۆشی لە گەلی ئێران و ئوممەتی ئیسلامی دەكەم بە بۆنەی شەهیدبوونی ڕێبەری و ژیر ئیمام ئایەتوڵڵا خامنەیی (خوای گەورە سەلامی بدات و ئارامی ببەخشێت).” جەخت لەوەش دەكاتەوە كە درێژەپێدەری ڕێگەكەی دەبن و ئەوەی بۆیان بەجێماوە میراتە.
عەراقچی نایشارێتەوە كە كوژرانی خامنەیی خەسارەتێكی گەورەیە و خەمێكی جەرگبڕە و دەڵێ “ئەو سەركردە دانایە بە پتەویی بڕیاردان و قووڵی لە پلاندانان و خۆڕاگری لە ڕێگای حەقیقەتدا، میراتێكی بەردەوامی شەرەف و حیكمەت و كۆڵنەدان بۆ مێژوو بەجێهێشت، شەهیدبوونی كەسایەتییەكی وەها گەورە بێگومان خەسارەتێكی گەورەیە و خەمێكی جەرگبڕە، بەڵام قوتابخانەی ڕوون و ڕێبازە چەسپاوەكەی بە زیندووی و دینامیكی و ئیلهامبەخش دەمێنێتەوە.”


































































