بەڕێوەبەرایەتی سامانی ماسی: هەفتەی داهاتوو بڕیاری قەدەغەکردنی ڕاوەماسی دەردەچێت و سزای توند دەسەپێندرێت
بەڕێوەبەرایەتی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، وەرزی قەدەغەکردنی ڕاوەماسی نزیک بووەتەوە و هەفتەی داهاتوو بە فەرمی بڕیارەکە دەردەچێت، هاوکات هۆشداریی توندیش دەداتە ڕاوچییان.
بێستوون نەجمەدین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان، بڕیار دراوە لە هەفتەی داهاتووەوە قەدەغەی ڕاوەماسی لە تەواوی هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنرێت.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی ڕوونی کردەوە، قەدەغەکە بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو بەردەوام دەبێت، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی سامانی ماسی لە وەرزی زاوزێدا.
ناوبراو مژدەی ئەوەشی دا کە: “پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ سامانی ماسی گەشەیەکی باش و بەرچاو بکات، بۆیە زۆر گرنگە پابەندی بڕیارەکە بین.”
لەکۆتاییدا بێستوون نەجمەدین هۆشداری دایە ڕاوچییان و دووپاتی کردەوە، هەر کەسێک لە ماوەی قەدەغەکەدا سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.


































































