بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ناوچەکەدا گرژی هەیە، بەڵام هەرێمی کوردستان ئارامە و تایبەتمەندیی خۆی پاراستووە.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان راگەیاند، “لە ناوچەکەدا گرژی و نائارامی هەیە. راستە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو ناوچەیە، بەڵام تایبەتمەندیی خۆی پاراستووە.”
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، “هەرێمی کوردستان ئارامە و هیچ نیگەرانییەک نییە. هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە هۆکارن بۆ ئەم ئارامییە.”
سەفین دزەیی باسی لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا کرد و گوتی، “ترافیکی دیپلۆماسی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە هێورکردنەوەی دۆخی سووریا.”
ئەو قسانەی سەفین دزەیی، لەکاتی پیاسە و گەڕانێکیدا بوو هاوشانی نوێنەر و کۆنسووڵەکانی بەشێک لە وڵاتان بەنێو شاری هەولێر.
هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر گوتی، “ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ ئێمە ئەوەیە، هەموو نێردە دیپلۆماسییەکان ئارامیی هەولێریان بەلاوە گرنگ و خۆشە.”


































































