وەزارەتی کولتوری رووسیا بڕوانامەی پاراستنی شوێنەوارە کولتورییەکان بە ئەندازیارێکی کورد دەبەخشێت.
لە فەرمانێکی وەزاریدا، کە واژووی جێگری وەزیری کولتوری رووسیای لەسەرە، بڕوانامەی پاراستنی شوێنەوارە کولتورییەکانی بە نیگارکێش و ئەندازیاری کورد نوریک موسەیان بەخشرا.
نوریک موسەیان، ئەندازیار و نیگارکێشێکی کوردە و لە وڵاتی ئەرمەنستان لەدایکبووە و ئێستا لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەژیت، نوریک تا ئێستا پێنج پێشانگەی تاکەکەسی لە شارە جیاوازەکانی رووسیا کردۆتەوە.
هەروەها زیاتر لە 500 بەرهەمی هەیە و لە زۆر پێشبڕکێ و کۆنفرانسی زانستی و کۆنگرە و پێشبڕکێدا بەشداریکردووە، کە تێیدا خەڵات و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و ماوەی چوار ساڵ لە دوای یەک لە پێشبڕکێی “تەلارسازی دیپلۆماسی” بەشداریکردووە هەر چوار ساڵەکە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و لە لایەیەن وەزارەتی دەرەوەی رووسیاوە خەڵاتکراوە.
نوریک لە خوێندنشیدا کەسێکی زیرەکە و ساڵی رابردوو زانکۆی بە پلەی نایاب تەواو کرد و کورسییەکی خوێندنی ماستەری لە تەلارسازی بە دیاری پێبەخشرا.
نوریک ئاماژە بەوە دەکات، دەخوازێت پێشانگەی تایبەتی خۆی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک بکاتەوە. ئەم ئەندازیارە کوردە پلانی هەیە لە کوردستان لە بواری تەلارسازی پەرە بە کارەکانی بدات.

































































