وەزارەتی پێشمەرگە دەستپێکردنی دابەشکردنی هاوکاریی دارایی مانگی شوباتی (مانگی 2)ی هێزەکانی هاوپەیمانانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگەیاند و پرۆسەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڕی هاوکارییەکە بۆ ئەم مانگە هاوشێوەی مانگی ڕابردوو بڕی ٧١ هەزار دینارە. ئەو پێشمەرگانەی کە خاوەنی هەژماری بانکین و نامەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ چووە، لە ئەمڕۆوە دەتوانن لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) هاوکارییەکە وەربگرن.
سەبارەت بەو پێشمەرگانەی کە تا ئێستا هەژماری بانکییان نییە و بە شێوەی “چەک” پارە وەردەگرن، بڕیارە هەفتەی داهاتوو هاوکارییەکەیان بەسەردا دابەش بکرێت.
پەیوەست بە کەمبوونەوەی بڕی هاوکارییەکە لە چاو ساڵانی ڕابردوو، لیوا هۆشمەند ڕەشید، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ کاروباری ئیدارە و میرە، پێشتر ڕایگەیاندبوو: “هۆکاری کەمبوونەوەی بڕی پارەکە بۆ زیادبوونی ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کە خراونەتە ناو چوارچێوەی سوودمەندانی ئەم هاوکارییە.” ناوبراو دڵنیاییشی دابوو کە هاوپەیمانان جەختیان لە بەردەوامیی ئەم هاوکارییە داراییە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە.
جێی ئاماژەیە، ئەم هاوکارییە داراییە مانگانە تەنها لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە و وەک دیارییەک لەلایەن هاوپەیمانانەوە پێشکەش دەکرێت، هیچ پەیوەندییەکی بە مووچەی مانگانەی پێشمەرگەوە نییە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.


































































