شەهلا سۆفی-زاری کرمانجی:
هونەرمەندی دیاری كوردستان و خەڵكی شاری سنە یەدوڵا محەمەدی، دوای ماوەیەك ململانێ لەگەڵ نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.
یەدوڵا محەمەدی یەكێك بوو لە هونەرمەندە دەنگخۆش و بەئەزموونەكانی هونەری كوردی،دوای خانەنشین بوونی لە پیشەی مامۆستایەتی و دوای ساڵانێك دابڕان لە كاری هونەری، لە گوندێكی نزیك سنە دەژیا.
یەدوڵا محەمەدی لە ساڵی 1956 لە سنە لەدایك بووە. لە تەمەنی مێرمنداڵی لە قوتابخانەوە بەهرەی دەنگخۆشییەكەی دەركەوتووە. شاگردی هونەرمەندان حەسەن كامكار، تەرەقی بووە، لە تەمەنی هونەریی خۆیدا 78 ئاواز و گۆرانیی ناوازەی تۆمار كردووە. ئەمڕۆ لە تەمەنی حەفتا ساڵی بە هۆی نەخۆشییەوە گیانی سپارد.

































































