دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بڕیارێکی نوێی دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد و تێیدا گواستنەوەی زێڕ، مۆبایل و ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە ڕێگەی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانییەوە قەدەغە کرد.
ئەم بڕیارە لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمیی بەشی گواستنەوەی ئاسمانییەوە ئاڕاستەی سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کراوە، تاوەکو دەستبەجێ گواستنەوەی ئەو کاڵایانە بۆ هەرێم ڕابگرن.
بەپێی روونكردنەوەی نووسراوەكە هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ نەبوونی نوێنەرانی دەزگای کۆنتڕۆڵی جۆریی فیدراڵی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەگەڕێتەوە، کە ئەرکیان پشکنین و مۆرکردنی زێڕە هاوردەکراوەکانە.
سەبارەت بە مۆبایل و ئامێرە تەکنەلۆژییەکانیش، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئاماژەی بەوە کردووە، نەبوونی ڕەزامەندیی فەرمی لەلایەن دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقی (CMC) هۆکاری قەدەغەکردنەکەیە.
بەپێی بڕیارەکە، هەر ئامێرێکی پەیوەندیکردن یان تەکنەلۆژیا کە لەو دوو فڕۆکەخانەیەوە هاوردە بکرێت، دەبێت پێشوەختە مۆڵەت و ڕەزامەندی فەرمی بەغدای هەبێت، بەپێچەوانەوە ڕێگری لێ دەکرێت.

































































