مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، جگە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، دۆسیەی مووشەکی بالیستیکی وڵاتەکە و هێزی دەریایی وڵاتەکەی لە کەنداوی فارسیش هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ئەمریکا، لەسەر مێزی گفتووگۆن.
ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممە، تەنها ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی خولی سێیەمی وتووێژەکانی نێوان عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتتاکەر، گووتی: ئێران هەڕەشەیەکی زۆر جیددییە بۆ سەر ئەمریکا و ماوەیەکی زۆرە هەروا بووە. “دوای ئەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لەناوچوو، پێیان گوترا هەوڵی دەستپێکردنەوەی ئەو بەرنامە ئەتۆمییە مەدەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا دەبینیت بەردەوام هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی بەشێکی دەدەن. ئەوان ئێستا پیتاندن ناکەن، بەڵام هەوڵدەدەن بگەنە ئاستێک کە لە کۆتاییدا بتوانن ئەو کارە بکەن.”
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا کە “ژمارەیەکی زۆری مووشەکی بالیستیکی” ئێران مەترسییەکی جددی لەسەر ئەمریکا دروست دەکات، چونکە مووشەکی بالیستیکی کورت مەودای ئێران هەڕەشە لە بنکەکانی ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکانی ئەمریکا لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر و بەحرەین دەکەن. “هەروەها توانای دەریاییان هەیە کە هەڕەشە لە کەشتیوانی دەکات و دەتوانن هێزی دەریایی ئەمریکا بکەنە ئامانج”.
“دەمەوێت هەمووان بزانن کە لە دەرەوەی بەرنامەی ئەتۆمی، ئێران ئەم چەکە ئاساییانەی هەیە کە تەنها بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا و ئەمریکییەکان داڕێژراون – ئەگەر بڕیار بدەن. ئەو پرسانە پێویستە چارەسەر بکرێن.”

































































