مەشعان جبووری، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق و کەسایەتیی دیاری سیاسیی عەرەبی سوننە، پەردە لەسەر قەبارەیەکی گەورەی گەندەڵی و قۆرخکاری لە عێراق بەگشتی و پارێزگای سەڵاحەددین بەتایبەتی لادەدات.
بە گوتەی ئەو، پرۆسەی سیاسیی عێراق لەبنەڕەتدا لەسەر بنەمای هەڵخەڵەتاندن دروست بووە و ئێستا هێزە دەستڕۆیشتووەکان بەشێوەیەکی بێ وێنە سامانی گشتی بەهەدەر دەدەن، تا ئەو ئاستەی پڕۆژەی وا هەیە تێچووەکەی تەنیا 10 ملیار دینارە، کەچی بە 100 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
گەندەڵی لە پاڵاوگەی بێجی … پارووە گەورەکە
جبووری پاڵاوگەی بێجی بە پارووە گەورەکە ناو دەبات و دەڵێت “ڕاستە پاڵاوگەکە کەوتووەتەوە کار و بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی عێراق پڕدەکاتەوە، بەڵام لایەنە دەستڕۆیشتووەکان کۆنترۆڵی دۆسییەی ئاوەدانکردنەوە و بەڵێندەرایەتییەکانیان کردووە.”
جبووری بەپێی ئەوەی رۆژنامەی (ئەلمەدا)ی عێراقی بڵاویكردووەتەوە، ئاشکرای كردووە، پڕۆژەکان بە جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆ دەدرێنە کۆمپانیاکان و لایەنی باڵادەست خۆی دیاری دەکات کێ سوودمەند بێت. دەڵێت “هەندێک پڕۆژە کە تێچووەکەیان 10 ملیار دینارە، بە 100 ملیار دینار ئەنجام دەدرێن و ئیدارەی پاڵاوگەکەش بەر لە دەستپێکردنی کارەکان پێشوەختە ڕێک خراوە.”
جبووری پێشی وایە گەلی عێراق لە ساڵی 2004ـەوە خەڵەتێنراوە. دەڵێت “هەڵبژاردنی یەکەم ئەنجوومەنی نیشتمانیی کاتی، هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە نەبووە، بەڵکوو تەنیا ڕێککەوتنێکی سیاسی بووە و وەک مافێکی هەڵبژاردن بە خەڵک فرۆشراوە.”
مەشعان جبووری هێزە سیاسییەکان تۆمەتبار دەکات بەوەی بە شێوەیەکی بێ وێنە سامانی گشتییان بەهەدەر داوە و سەرچاوەکانی وڵاتیان تاڵان کردووە.
لە ماڵپەری باسنیوز وەرگیراوە

































































