ئەمڕۆ چوارشەممە ئیسماعیل بەقایی گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران لە پلاتفۆڕمی “X” بڵاویكردەوە،”درۆیەک ئەوەندە دووبارە بکەرەوە تا دەبێتە ڕاستی. ئەمە یاسایەکە کە لەلایەن جۆزێف گۆبڵز، وەزیری پڕوپاگەندەی ئەڵمانیای نازی و ڕاوێژکارەکەی هێتلەر داهێنراوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارهێنراوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێستا ئەم یاسایە بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و جەنگخوازانی دەوروبەری، بەتایبەتی ڕژێمی ئیسرائیل کە خەریکی کۆمەڵکوژییە، بەکاردێت بۆ پەرەپێدان بە هەڵمەتێکی شەیتانی بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە و چەواشەکارانە دژی گەلی ئێران”.
بەقایی باسی بەوەشكرد، “ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، موشەکی بالیستیکی کیشوەرەبڕ، و ژمارەی قوربانیانی ئاڵۆزییەکانی مانگی یەک دەوترێن، تەنها دوبارەکردنەوەی زنجیرەیەک درۆی گەورەن. نابێت کەس بەم جۆرە درۆیانە هەڵبخەڵەتێت”.
لە کاتی وتاری “دۆخی یەکێتی” لەبەردەم کۆنگرێس، سەرۆکی ئەمریکا بە کورتی ئاماژەی بە پاساوەکانی خۆی کرد بۆ هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر ئێران و وتی، ئەو ڕێگە نادات گەورەترین پشتیوانی تێرۆر لە جیهاندا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرەڕای کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازی ئێجگار گەورەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ترەمپ بە شێوەیەکی پێویست هۆکارەکانی پشت پاڵنانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی بۆ ئەنجامدانی بەهێزترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران (لە دوای شۆڕشی 1979ـەوە) بۆ ڕای گشتی ئەمریکا ڕون نەکردەوە.
ترەمپ لە وتارەکەیدا، پشتیوانیی تاران بۆ گروپە چەکدارەکان، کوشتنی خۆپیشاندەران، و بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکانی وەک هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و ویلایەتە یەکگرتوەکان ناوبرد.

































































