“گەلێك جار رووبەڕووی رەخنەی توند و توانجی ناشیرین دەبمەوە، بەڵام وەرزش لای من پیرۆز ترە”
چراخان ئەحمەد – شارەدێی خەلیفان:
هەر چەندە خۆی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام یارمەتی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەتیش دەدات بۆ پشت بەستن بە تواناكانی خۆیان. گەنجێكی شارەدێی خەلیفان سەرەڕای ئەوەی كە خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام ناوبژیوانێكی لێهاتووی دەڤەرەكەیە و كێشە جەستەییەكانی كۆڵی پێ نەداوە و بەشداری لە هەڵبژاردەی تۆپی پێ عێراق و چەندین جۆر چالاكی وەرزشی كردووە، ئەو ئێستا یەكێكە لە ئەندامی تیپەمیللییەكانی خەلیفان و بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی تیپەمیلیەكانی خەلیفانە، وەك خۆی دەڵێت هەر لە منداڵیەوە حەزی بە وەرزش هەبووە و لە كوچە و كۆڵانەكانی خەلیفان یاریی تۆپی پێی كردووە، لە هەوڵدان نەوەستاوە تاوەكو بەشێكی زۆری خەونە كانی هێناوەتە دی.
محەممەد عەبدوڵڵا، تەمەنی ٢٤ ساڵە بەهیوایەكی زۆرە وە رۆژانە مەشق و راھێنان دەكات، خولیایەكی زۆری بۆ وەرزش هەیە و بەتایبەت ناوبژیوانی، لەزاری خۆیەوە قوڵی حەزە نەپچڕاوەكانی بۆ بواری وەرزشی دەبێتەوە و دەڵێت: “بە هۆی كێشەی جەستەییمەوە نەم توانی ببمە یاریزان بۆیە ناوبژیوانیم هەڵبژارد، سەرەتای كاری وەرزشیم ئەوكاتە بوو لەسنووری شارەدێیەكەم یاریگەیەكی نوێ دروست كرا، ئەوەش بووە دەرفەتێك بۆم كە بەهرەكانم نمایش بكەم، لەو رێگەیەوە توانیم بێمە ناو دونیایی وەرزشی.” هەر چەندە زانیاریم زۆر باش نەبوو دەربارەی ناوبژیوانی، بەڵام بەهۆی هەوڵەكانی خۆم و بەرێوە بردنی چەند یارییەكی دۆستانە، كە جار جارە بەڕێوەم دەبرد زانیاری باشم كۆكردەوە، زۆربەی یارییەكان بەڕێوە دەبەم. گەلێك جار رووبەڕووی رەخنە و قسەی ناخۆش دەبمەوە، بەڵام وەرزش بۆ من پیرۆزترە، لە ئێستاش دا تەنیا ناوبژیوانم ناتوانم یاری بۆ هیچ یانەك بكەم.”
ئەو وەرزشكارە تایبەتە ئاماژە بەوەشدەدات: “لەساڵی ٢٠١٨ لەلایەن فواد عومەر برادۆستی، ناوبژیوانی خولی پلەیەكی كوردستان و عێراق، كە ئێستا كاری سەرپەرشتیاری یارییەكان دەكات، خولێكی بۆ ناوبژیوانان لە شارەدێی خەلیفان كردەوە، و توانیم پلەی یەكەم بەدەست بهێن.”
باسی ئەزموونی خۆی لە یاریی تۆپی پێ دەكات: ” لەساڵی ٢٠٢١ لە عێراق خولێكی تایبەت بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان كرایەوە، لەگەڵ هەڵبژاردەی سلێمانی بەشداریم كرد خۆشبەختانە لە زۆربەی یارییەكان سەركەوتنمان تۆمار كرد. لەنێو یاریگە وەك هێرشبەری سەرەڕم یارییم دەكرد، و توانیم لەكۆی سێ یاریی 3 گۆڵ تۆماربكەم تەنیا لەیارییەكی پێش كۆتایی بەرانبەر بە ناسرییە دۆراندمانو نەگەیشتین بە فایناڵ.”
محەممەد، ئەوەشی گوت : “بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی نیشانمدا، لەلایەن ئەو لێژنەیەی خولەكەی كردبوەوە بانگهێشتییان كردم بۆ پاڵەوانێتی جامی عەرەب، كە وڵاتی میسر بوو، یارییەكی دۆستانەش لە وڵاتی ئوردەن بوو، بڕیاربوو لە ساڵی داهاتوو بەشداری مۆندیالی ئارجێنتینا بكەم، بەڵام بەهۆی دۆخی نالەباری ئەمنی پەشیمان بوومەوە و نەچوومە كەمپی راهێنانەكانی هەڵبژاردەی عێراق.”
ئەو لاوە تێر توانایە جگە لە وەرزش قوتابی پەیمانگە بووە و دەرچووی بە شی كارگێری كارە، هاوشێوەی كاری وەرزشی لە خوێندنیش ئاستێكی باشی هەبووە ئاواتە خوازە بتوانیت لەو بوارەی كە پسپۆڕی لێوەرگرتووە بتوانێت لە دەرچەیەكدا خزمەتی هاوشاریانی بكات، چونكە لە ئێستادا وەرزش نەبوەتە س سەرچاوەی بژێوی ژیان بۆ ئەو، تەنانەت بەهۆی خراپی دۆخی داراییەوە نەیتوانیوە بەشداری بەشێك خولە وەرزشییەكان بكات.
محەممەد، سەبارەت بە ئاستی وەرزشی لە كوردستان دەڵێت: ” یاریزانی باشمان هەیە ئەگەر بێت و كاری جدییان بۆ بكرێت، بەڵام یانەكان زیاتر چاو دەخەنە سەر هەڵەی ناوبژیوان نەك ئاستی خۆیان یان هەڵەی راهێنەر، بۆیە دەشێت بڵێم ئاستی تێگەیشتنمان لاوازە.”
باس لەوەش دەكات: “بەرپرسانی وەرزشی لەهەرێمی زۆر كەم تەر خەمن بەرانبەر بە وەرزش و یاریزانان، زۆر لەدواوەی وڵاتانی ترین بۆیە داواكارم گرنگی بە وەرزش بدەن، وەك هەر بوارێكی تر وەرزشیش گرنگی خۆی هەیە بۆ وڵات و بەرز كردنەوەی ئاستی رۆشنبیری تاك و گێرانەوەی گەنجە لە كایە خراپەكانی ژیان.”
محەممەد عەبدوڵڵا، لەدوا پەیڤەكانیدا لەرێگەی سەكۆی زاری كرمانجی ـیەوە گووتی: ” داواكارم لە لایەنەكان گرنگی بە وەرزش و یاریزانان بدرێت، دەستێكی هاوكاریمان بۆ درێژ بكەن، هەروەها بۆ ئەوكەسانەی كە خاوەن پێداویستی تایبەتن هیوادارم دەستە و ئەژنۆ دانەنیشن هیچ كاتێك درەنگ نیە بۆ هەوڵدان، بێهیوا نەبن وەرنە دەرەوە و بەشداری چالاكییەكان بكەن بەهرەكانیان نمایش بكەن، نیشانی هەمووانی بدەن كە دەتوانن چی بكەن.”