دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی هەڵمەتە مرۆییەکانیدا، بەردەوامە لە گەیاندنی هاوکاری بەسەر لێقەوماوان و پێویستمەنداندا. بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی دەزگاکە، تاوەکو ئێستا 430 بارهەڵگر هاوکاری گەیەندراونەتە شوێنە مەبەستەکان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ڕاپۆرتی ژمارە (19)ی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا هاتووە کە ئامارەکانی تاوەکو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ڕێکەوتی 23/2/2026 لەخۆدەگرێت، دەزگاکە کۆمەک و هاوکارییەکی بەرفراوانی گەیاندووەتە ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاڤای کوردستان.
هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دانیشتووانی ڕۆژئاڤای کوردستان لە ناوچەکانی قامیشلۆ، مالیکیە، حەسەکە، مەبرووکە، قەحتانیە، عاموودا و دەرباسیەی گرتووەتەوە.
کەرتی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان:
لە بەشی ژەمە خۆراکە گەرمەکاندا، 117,544 ژەمە خواردن دابەش کراوە، کە زۆرینەیان لە قوتابخانەکان و مزگەوتەکان بووە. هەروەها لە کەرتی نان و ئاردا، 49,448 خێزان سوودمەند بوون، کە تێیدا 485,432 نان لە ڕێگەی 5 فڕنەوە دابەش کراوە.
هاوکارییە داراییەکان و سووتەمەنی:
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بڕی 78,250 دۆلاری ئەمریکیی وەک هاوکاری نەختینەیی بەسەر 1,565 خێزاندا دابەش کردووە. لە لایەکی دیکەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرما، بڕی 386,605 لیتر گازوایل (مازۆت) بەسەر 10,336 خێزاندا دابەشکراوە کە ناوەندەکانی خوێندن و مزگەوتەکانیشی گرتووەتەوە.
تەندروستی و هاوکارییە هەمەجۆرەکان:
تیمە پزیشکییەکانی دەزگاکە خزمەتگوزارییان پێشکەش بە 8,885 کەس کردووە. هاوکات لە چوارچێوەی هاوکارییە هەمەجۆرەکاندا (جلوبەرگ، پێداویستی ناوماڵ و هتد)، 41,427 خێزان هاوکارییان پێگەیشتووە کە زۆرینەیان خەڵکی ناوخۆ و ئاوارەکانی عەفرین و دەوروبەری بوون.
ڕەخساندنی هەلی کار:
دەزگاکە تەنها لە بواری فریاگوزاریدا نەمایەوە، بەڵکو 1,740 هەلی کاری ڕۆژانەی بۆ هاووڵاتیان ڕەخساندووە.