مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ستیڤ ویتكۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارێد كوشنەر، ڕاوێژكاری سەرەكی ویلایەتە یەكگرتووەكان و زاوای ترەمپ،، نامەیەكیان بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ناردووە و داوا دەكەن كە لەم كاتەدا هێرش بۆ سەر ئێران ئەنجام نەدات و ڕێگە بدات هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەردەوام بن.
بەگوێرەی ماڵپەڕی هەواڵیی ئەمریكی ئەكسیۆس، ویتكۆف و كوشنەر كە سەركردایەتی دانوستانەكان لەگەڵ تاران دەكەن، نیگەرانی هاوشێوەی سەركردە سەربازییەكان سەبارەت بە ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئێران هاوبەشن.
لە كاتێكدا كە كۆبوونەوەی سەربازی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە، سەركردە سەربازییەكان هۆشدارییان بە ئیدارەی ترەمپ لە دژی دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ ئێران بڵاوكردەوە.
لە كاتێكدا ئیدارەی ترەمپ بیر لە هێرشكردنە سەر ئێران دەكاتەوە، كین هۆشداری داوەتە سەرۆك و بەرپرسانی دیكە كە “كەمی تەقەمەنی و نەبوونی پشتیوانی هاوپەیمانان مەترسییەكانی سەر ئۆپەراسیۆنەكە و كارمەندانی ئەمریكی زیاتر دەكات”، بەپێی سەرچاوە ئاگادارەكان لە گفتوگۆ ناوخۆیییەكان.
هەروەها كین هۆشداریدا لە “ئەگەری قوربانییەكانی نێوان هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان و كەمبوونەوەی بەرگری ئاسمانی و ماندوویەتی سەربازەكان”.
بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەزگا میدیایییەكانی ئەمریكای تۆمەتبار كرد بەوەی “بە ئەنقەست زانیاری ناڕاستیان بڵاوكردۆتەوە”، جەختیشی لەوە كردەوە كە واشنتن دەتوانێت “بە ئاسانی” لە هەر ململانێیەكدا شكست بە تاران بهێنێت.
ترەمپ لە پۆستێكیدا لە پلاتفۆرمی ڕاستی سۆشیاڵ، جەختی لەوە كردەوە كە بانگەشەی ئەوەی كە كین “دژایەتی چوونە شەڕ لەگەڵ ئێران دەكات، “لەسەدا سەد درۆیە”، ژەنەراڵ كین وەك هەموومان نایەوێت شەڕ بكات، بەڵام ئەگەر بڕیارێك بدرێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی دژی ئێران، ئەوا پێی وایە ئەوە شتێكە كە دەتوانرێت بە ئاسانی سەربكەوێت.
ترەمپ ڕایگەیاند كە كاین “تەنها یەك شت دەزانێت ئەویش سەركەوتنە و ئەگەر فەرمانی پێ بدرێت ئەوە سەركردایەتی ئەركەكە دەكات”، ئاماژەی بەوەش كرد، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكا ئامۆژگاری نەكردووە لە لێدانی ئێران، یان دژی دەستپێكردنی هێرشی سنووردار، كە سەرۆك كۆمار وتی ڕاپۆرتە میدیایییەكانی لەسەر خوێندووەتەوە.
ترەمپ گوتی: من ئەو كەسەم كە بڕیارەكە دەدەم، پێم باشە ڕێككەوتنێك بكەم، بەڵام ئەگەر ڕێككەوتنێك نەكەین ئەوە ڕۆژێكی زۆر خراپ دەبێت بۆ ئەو وڵاتە و ڕۆژێكی زۆر خەمناك دەبێت بۆ گەلەكەی.

































































