سۆران سرێشمەیی_خەلیفان
دلشێر جەبار: لە مانگی یانزدەی ئەمساڵ بەهۆی بەتای وەرزی زیاتر لە ٧٠٠ کەس سەردانی نەخۆشخانەی خەلیفانیان کردووە.
ساڵانە بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما. هاوڵاتیەکی زۆر تووشی ڤایرۆسی هەڵامەت و تا و سووربوونەوەو کۆکە دەبن کە بە پەتای وەرزی ناسراوە.
دیارە لە سنوری ناحیەی خەلیفانیش ڕۆژانەو بە تایبەتیش لە سەرەتای وەرزی سەرما ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی ئەو شارەیان کردووە.
لەوبارەیەشەوە دلشێر جەبار یاریدەدەری پزیشک لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی خەلیفان بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” ئەمڕۆ دوای پڕۆسەی پاڵاوتنی بلیتی تایبەت بە نەخۆش و ئەژماردن و بەراووردکردنیان دەرکەوت لە مانگی یانزدەی ئەمساڵ زیاتر لە ٧٠٠ کەس سەردانی نەخۆشخانەی خەلیفانیان کردووە.”
ئەو یاریدەدەرە ئاشکراشیکرد :” بەشی هەرە پتری نەخۆشەکان ئەوانە بوون کە تووشی تـــا و ڤایرۆسی هەڵامەت و پەتای وەرزی بوون. خۆشبەختانە سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدراوە. هەروەها داوا لە هاوڵاتیانیش دەکەین کە خۆیان لە سەرما بپارێزن و پێگیری بکەن بە ڕێنماییە تەندرووستیەکان تا دوور بن لە تووش بوون بە نەخۆشیەکان بەگشتی و پەتای وەرزی بەتایبەت.”