هاووڵاتییەكی زۆر ئەوەیان لێ بووەتە پرسیار كە رۆژانە پارەی كارەبا حیساب دەكرێت، بەرپرسانی پڕۆژەی رووناكیش دەڵێن، نەخێر هەژماركردنی كارەبا ڕۆژانە نییە.
ئەمڕۆ دووشەم 23ـی شوبات، لە وەڵامی پرسیاری هاووڵاتییان كە ئایا بەكارهێنانی كارەبا بەشێوەی ڕۆژانە هەژمار دەكرێت؟، بەرپرسانی ئەو پڕۆژەیە دەڵێن، نەخێر هەژماركردنی كارەبا ڕۆژانە نییە، بەڵكو پشت دەبەستێت بە درێژایی ماوەی پسوولە.
ئەوە لە كاتێكدایە چەند رۆژێكە دەنگۆی جۆراوجۆر بڵاو كرایەوە كە رۆژانە بەكارهێنانی كارەبا لەگەڵ پێوەری كارەبا لێكدانەوەی بۆ دەكرێت.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكیی ڕاگەیاند، دواتر لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە كۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەكانی كارەبا دا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پلانیدایە لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناكی، كارەبای 24 سەعاتی بۆ هەموو كوردستان دابین بكات تا كۆتایی ساڵی 2026، هەروەها جێگەی باسە كە ناوەندی شارەكانی هەرێمی كوردستان كارەبای 24 سەعاتییان بۆ دابین كراوە.

































































