بەهۆی یەکگرتنی کاریگەرییەکانی نزمەپاڵەپەستۆی نیمچەدوورگەی عەرەبی و هاتنی بارستەهەوایەکی ساردی باکوور، سبەینێ کەشوهەوای هەرێم ناسەقامگیر دەبێت. ئاسمان دەبێتە هەوری تەواو لەگەڵ بارینی نمەبارانی پچڕپچڕ و کەمێک بەفربارین لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەڵات.
کەشناسی هۆشداری دەدات کە لە دوای نیوەڕۆی سێشەممەوە تاکوو کاتەکانی ئێوارە، شەپۆلەکە چالاکتر دەبێت و رێژەی دابارین زیاد دەکات، کە هەندێک کات بەشێوەی تاوەباران و بروسکە دەبێت، بەتایبەتی لە سنووری (پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و سۆران).
هاوکات لە کاتەکانی بەیانی بۆ دوای نیوەڕۆ، خێرایی با بەتایبەت لە باشووری رۆژئاوای هەرێم چالاک دەبێت بۆ سەرووی 25 کم لە کاتژمێرێکدا، مەودای بینینیش لە کاتی داباریندا کەمدەبێتەوە بۆ (4 – 6) کیلۆمەتر.
پلەکانی گەرما بۆ سبەینێ (2 بۆ 3) پلەی دیکە دادەبەزن و لە کاتەکانی شەودا کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە.


































































