مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئێران “ئیمتیازاتی نوێ” پێشكەش دەكات لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا، بەو مەرجەی ڕێككەوتنەكە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكان و داننان بە مافی تاران بۆ “پیتاندنی ئاشتییانەی ئەتۆمی” لەخۆبگرێت.
بەڵام ئاژانسەكە لە زاری بەرپرسێكی باڵای ئێرانییەوە بڵاویكردەوە، دوای دوو خول وتووێژ، هەردوولا ناكۆكییان هەیە لە سەر خاڵەكان بەتایبەت لەسەر سووككردنی سزا توندەكانی ئەمریكا.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە عومان كە ڕۆڵی نێوانگیری دەگێڕێت، پشتڕاستی كردەوە كە ڕۆژی پێنجشەممە خولێكی نوێی دانوستانەكان لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت.
ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە كە ئێران “بە جددی بیر لە ناردنی نیوەی كۆگاكانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات و شلكردنەوەی نیوەكەی دیكە و دامەزراندنی هاوپەیمانییەكی پیتاندنی ناوچەیی” دەكاتەوە، بیرۆكەیەك كە بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز لە ماوەی ساڵانێك هەوڵە دیپلۆماسییەكانی پەیوەست بە ئێرانەوە، جار جارە هەڵدەفڕێت.
ئەو بەرپرسە زیادی كرد: ئێران ئەو كارە دەكات لە بەرامبەر داننان بە مافی ئێران بۆ “پیتاندنی ئەتۆمی ئاشتیانە” بەپێی ڕێككەوتنێك كە هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەكانیش لەخۆدەگرێت.


































































