ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
سەرچاوەی Tempo English، دەریخستووە ژەمی پارشێو یارمەتیدەرە لە دابینکردنی وزە بۆ لەش بەدرێژایی ڕەمەزان لەکاتی بەڕۆژووبووندا. هاوکات فەرامۆشکردنی پارشێو چەندین مەترسی تەندروستی لێ دەکەوێتەوە لەوانە وشکبوونەوەی ئاوی جەستە، لاوازبوونی سیستەمی بەرگری و ئەگەری دابەزینی شەکری خوێن.
بەپێی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، مەترسییەکانی بازدانی ژەمی پارشێو ئەمانەی خوارەوەن:
وشکبوونەوەی ئاوی لەش: یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکانی بازدانی ژەمی پارشێو، ئەگەری وشکبوونەوەیە لە کاتی بەڕۆژووبووندا. وشکبوونەوەی لەش کاتێک ڕوودەدات کە جەستە شلەی پێویست وەرنەگرێت، کە دەبێتە هۆی لاوازی، کێشەی تەرکیز و دابەزینی پەستانی خوێن.
دابەزینی وزە: لەکاتی بەڕۆژووبووندا جەستە بۆ ماوەی چەندان کاتژمێر بێ خواردن و خواردنەوە دەمێنێتەوە ئەگەر ژەمی پارشێو فەرامۆش بکرێت وزەی جەستە کەم دەبێتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی ماندووبوون و سستی. بۆ پاراستنی وزەی جەستە، خواردنی دەوڵەمەند بە کاربۆهیدرات یارمەتیدەرە.
دابەزینی بەرچاوی کێش: بەگوێرەی سەنتەری پزیشکی Ciputra، بەڕۆژووبوون بەبێ ژەمی پارشێو دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش بە شێوەیەکی بەرچاو. ئەمەش بەرەنجامی ئەوەی جەستە کالۆری و خۆراکی پێویست وەرناگرێت لەکاتی بەڕۆژووبووندا. لە ئەنجامدا جەستە لاواز دەبێت و وزە کەم دەبێتەوە. لەم حاڵەتەدا جەستە دەست دەکات بە تێکشکاندنی چەوری و پرۆتین بۆ وزە. ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی بەهۆی دابەزاندنی کێشەوە.
لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری: سەرەڕای کەمکردنەوەی وزە، بازدانی ژەمی پارشێو دەبێتە هۆی لاوازبوونی سیستەمی بەرگری لەش. ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی بەکتریا و ڤایرۆسی زیاتر دەکات.

































































