مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگری مەكسیك لە ڕاگەیاندراوێكدا كوژرانی “ئێل مێنچۆ” گەورە بازرگانی ماددەی هۆشبەری لە وڵاتەكە ئاشكرا كرد، نائارامی و پەشێوی ڕووی لە مەكسیك كردووە و لایەنگرانی مێنچۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان لە هەشت ویلایەتی وڵاتەكە دەستپێكردووە و دەستیان كردووە بە سووتاندنی ئۆتۆمبێل، داخستنی ڕێگەكان و هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان.
وەزارەتی بەرگری مەكسیك، دوێنێ یەكشەممە 22ـى شوباتی 2026، كوژرانی نێمێسیۆ ئۆسێگوێرا ناسراو بە “ئێل مێنچۆ” داواكراوترین پیاوی مەكسیك و سەرۆكی كارتێلی نەوەی نوێی جالیسكۆ (CJNG) لە میانی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی سوپای مەكسیك و هێزە تایبەتەكاندا و بە پاڵپشتیی هەواڵگریی ئەمریكا ئەمنیدا لە ویلایەتی جالیسكۆ لە ڕۆژئاوای وڵاتەكەی ڕاگەیاند.
دوای چەند كاتژمێرێك لە كوژرانی سەركردەكەیان، لایەنگرانی “ئێل مێنچۆ” وەك تۆڵەسەندنەوە لە 8 ویلایەتی جیاوازدا دەستیان كردووە بە سووتاندنی ئۆتۆمبێل، داخستنی ڕێگەكان و هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان.
لە بەشێك لە شارەكان حكومەتی مەكسیك داوای لە گەشتیاران و دانیشتووان كردووە لە ژوورەوە بمێننەوە، هاوكات ئامۆژگاری شۆفێرانی بارهەڵگرەكان كرا كە ڕێگای سەلامەتتر بگرنەبەر یان بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان تا ئەو كاتەی توندوتیژییەكان كەم دەبنەوە.
چەندین هێڵی ئاسمانی لەنێویاندا ئایر كەنەدا و یونایتد ئایرلاینز و ئایرۆمێكسیكۆ گەشتەكانیان بۆ پۆرتۆ ڤالارتا هەڵوەشاندەوە، كە هاوینەهەواری كەنار دەریاكانە و گەشتیارانی سەرسوڕهێنەر وێنەی ئەو دووكەڵەیان گرتووە كە لە ئاگرەكانەوە بەرزبوونەتەوە بۆ ئاسمان.
ئۆسێگوێرا پێشتر ئەفسەری پۆلیس بووە، بە سەركردەی سێبەری یەكێك لە بەهێزترین باندە تاوانكارییەكانی مەكسیك دادەنرا، كە ناوەكەی لە ویلایەتی جالیسكۆوە وەرگرتووە كە شوێنی نیشتەجێبوونی گوادالاخارایە كە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەكەیە. لە ماوەی كورتدا باندەكە گۆڕا بۆ ڕێكخراوێكی تاوانكاری نێودەوڵەتی، كێبڕكێیان لەگەڵ كارتێلی سینالۆا كرد كە خواكین “ئێل چاپۆ” گوزمان سەرۆكایەتی دەكرد، كە ئێستا لە ئەمریكا زیندانی كراوە.
ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دوای گوشارەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا هاتە سەر حكومەتی كلۆدیا شەینبام سەرۆكی مەكسیك بۆ چڕكردنەوەی هەڵمەتەكانی دژ بە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان، ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئەمریكا هەڕەشەی دەستوەردانی ڕاستەوخۆ دەكات.
سەرچاوەیەكی حكومی ئاگادار لە وردەكاری ئۆپەراسیۆنەكە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند “وەزارەتی بەرگری سەرۆكایەتیی ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنی ئۆسێگوێرای كردووە و بە كوشتنی ئۆسێگوێرا كۆتایی پێهات.”

































































